--> Farewell! thou art too dear for my possessing <body marginwidth="0" marginheight="0" bgcolor="#ffffff" border=0 >

July 14, 2009




لە ساردی دەنگی خۆم سەرم سووڕما. خۆمم بیست گوتم: کە مرد سێزدە ساڵ ‌بوو نەمدیبوو. بیستم گوتم: ئیتر "قەت" نایبینمەوە، "قەت" دەنگی نابیستمەوە. لە ساردی دەنگی خۆم ترسام. بیرم کردەوە دڵم چڕژی کەوتۆتە سەر. بیر دەکەمەوە شتەکان نامهەژێنن ئیتر. بیر دەکه‌مەوە دڵم نالەرزێ ئیتر. بە خۆم دەڵێم یانی "دڵم بۆت بە بەرد؟" بیر دەکەمەوە خەمەکان و خۆشییەکان لە سنوورێکی تایبەت کە تێپەڕێن ئیتر وەک خۆیان نامێنن. ئیتر خەم یا خۆشی ئاسایی نین. ئیتر ژان و چێژەکان لە ژان و چێژی ئاسایی ناچن. بیردەکەمەوە دڵی شەیدا بۆ ئەوەی ئۆقرە بگرێ ناو لە سەر شتەکان دادەنێت، دوایی فێر دەبێت دەگەڵ شتە ناودارەکان بژیت. فێر دەبێ "قەت" بۆ خۆی مانا کاتەوە، فێر دەبێ دەگەڵ "قەت" بژیت، فێر دەبێت وەک ماندوویەتی، وەک جێ برینێکی کۆن دەگەڵ خۆی بگێرێت و جارنا بۆ پشوو دان لە گۆشەیەکی کەس پێ نەزانی زەینی حەشاری بدات. فێر دەبێ دەنگی نەلەرزێ، فێر دەبێ "دڵ ڕەق بێ" ...

بە خۆم دەڵێم سنوورێک هەیە کە تێپەڕ بوو ئیتر "خۆت" دەگەڵت نایەت...





July 12, 2009



لە یەکشەمەیەکی بێ تام هەوراوی و گەرم وەک ئەمڕۆ، نە پێنج ساعەت بێ‌بڕانەوە کارکردن، نە گۆرانی گوتن، لە مۆسیقا، نە ناڵەی جوادیی هێمن، نە شێعرەکانی بەڕۆژ، نە نامە نووسین و نە نوقم بوون لە بێدەنگیدا، هیچ هیچ هیچ شتێک نەیتوانی بێ‌قەراری ئە وڕۆژانەی دڵمم لێ ‌دوور کاتەوە. ترسێکی تازه لە گۆشەیەکی کەس پێ نەزانی زەینم سەری هەڵداوە. هەست دەکەم هەموو شێتی و شەیداییەکانی ساڵانی ڕابردوو کۆ بوونەته‌وە تا ئەم ساڵ، ڕێک ئەم ساڵ خۆ دەرخەن و هەست دەکەم هەموو دڵتەنگییەکان و تاسەکان سەریان هەڵداوە تا من هەموو دڵتەنگییەکان و تاسەکان بڕشێمەوە و ڕزگارم بێت لە چنگیان. هەست دەکەم ماندووم کردن. ماندووم کردن ئەوەندە چاوەڕێی ڕوودانی ڕووداوێک بووم کە هەر ڕووی نەدا. ماندووم کردن هێندە درۆم دەگەڵ ‌کردن، هێندە بە درۆ دڵخۆشییانم داوە. دوایی لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا لە پڕ، پڕ دەبی لە باوەڕێک کە پێت دەڵێ دەست هەڵگرە. کە پێت دەڵی یاسای ژیان ئەوەیە درەنگ یا زوو پێت دەسەلمێنێ تۆ نیت بڕیار دەدەیت، پێت دەسەلمێنێت ویستن ونەویستنی تۆ بە لایەکی!!!








July 11, 2009

Facebook

پەیوەندییە دیجیتاڵییەکان هەر دێن و باوتر دەبن. لە یەک شار و هەمان شاریش کە بژین یەک دوو شمارە تەلەفوونی یەکتریشمان کە هەبێت، لە ئێم ئێس. ئێن. و فێیس بووک و یاهوو پەیام بۆ یەک دادەنێین. یەک دوو سێ هاوڕێش هەن بۆ ئەوەی بزانن لە چ حاڵ ‌دام سەردانی بلاگەکەم دەکەن. ئەوە لە "خۆمانەکان". لە شوێنێکی وەک فێیس بووک ڕۆژ نییە یەک دوو پەیامت بۆ نەیەت کە فڵانی و فڵانی دەیانەوەێ تۆ لە لیستی هاوڕێکانیاندا ئەد بکەن. یا حەزرەتی غەوس. خۆ من فڵانی و فڵانی ناناسم چییان لە گیانی من دەوێت... جارێکیان لە وڵامی داواکارییەکی ئاوا کورته پەیامێکم نارد کە بەڕێز باوەڕناکەم من تۆ بناسم. وڵامی ناردەوە کە دەی چییە نامناسی. ئەدم بکە و بمناسە". جارێکی دی کەسێکی دی لێشم توڕە بوو کە بۆ ئەدی ناکەم، چاوم دەرێ‌ نایناسم، ئێستا کە ئەو شانازییەم هەبوو ئەو داوام لێ‌بکات ئەدم بکات ئەو ئەدا وئەتوارەم لە چییە. بەڕێزێکیش نووسیبووی ئەوە لە خۆت ئاشکرا کرد، تۆ تەواری و بڵاگ دەنووسی و تازه بۆ حاشا نابێ! جا وەرە دەست بە قورئان دابدە کە قەتم حاشا لێ‌نەکردووە ..

بە هەر حاڵ دەمەوێ ئەوەی بڵێم کە فێیس بووک دونیای زۆر بچووک کردۆتەوە. من دەزانم هاوڕێکانم لە کوێن و چی دەکەن و کەی دەچنە کوێ و لەوێ کە هەن خەریکی چین. دەزانم قەرارە کێ‌ببینن و چی بخۆن و چەندە بخۆنەوە. کەچی ئەوانە هیچی تاسەی دڵتەنگی و بیرکردن دانامرکێنن. من ئاگام لە حاڵ‌و ڕۆژی هاوڕێیەکان هەیە کەچی دڵتەنگی بیستنی دەنگیان و گەرمای ڕوانیان لە سەر جێی خۆیەتی. شتە تایبەتە بچووکەکان کە ئەوان دەکات بە ئەوان ئیتر هەست پێ‌ناکرێت. نابیندرێت. یەکیان عادەتێتی پێش وڵام دانەوە چرکەیەک بێدەنگ چاوت لێ دەکات و دوایی نەرم و لە سەرخۆ دەست دەکا بە قسەکردن، ئەوی تریان کە قسە دەکات دەستی ناسرەوێ، یەکیان بە "نازانم بەڵام من پێموایە ..." دەست پێ دەکات و ....

ئەو پێشەکییە دوورو درێژە بۆ ئەوە بوو بڵێـم ڕاستە فێیس بووک دونیای بچووک کردۆتەوە کەچی مرۆڤەکان لە یەک دوورتر و دوورتر دەبنەوە. هممم، دوورتر و تەنیاتر ...






July 2, 2009



دڵتەنگ نیم، دڵم بەڵام ئێشاوە، سەیر زۆر!





June 22, 2009


اول تو چنان بُدی که کس چون تو نبود
آخر تو چنان شدی که کس چون تو مباد




June 20, 2009



چ هەستێکی غەریبی هەیە بیستنی ئەم دێڕە کە:‌ "مالک این خاک منم!"





June 6, 2009



پێشەکی:

ئاشنایە. ژنێکی چل و چەند ساڵە. مێردی هەیە و سێ منداڵ. دەڵی لە ژیانی ڕازییە و هەست بە بەختەوەری دەکات. ئیش دەکات و کورد گوتەنی دەستی لە گیرفانی خۆی دایە. دۆینێ کە دیم قسەی زۆر هەبوو بۆ گێرانەوە.دیار بوو زۆر سەرقاڵی بیرەکانێتی. دەرکەوت ئەو دۆستە پڕ لە هەستی تاوانه. هۆیەکەشی ئەوە بوو کە لە فێیس بووک هاوڕێ کوڕەکەی بیست ساڵ پێشی خۆی دیتبۆوە و پەیوەندی دەگەڵ ‌گرتبوو و وەک شتێک بە تەلەفوون قسەیان پێکەوە کردبوو. هەر ئەوەندە! دیگووت ژانی وژدان ئارامی لە هەڵگرتووه. دەیگووت هەست بە تاوان دەکات، دەیگووت هەست دەکات خیانەتی بە مێردەکەی کردووە.

بیرەکان: بیری خیانەت.

من پێموایە بیری خیانەت ڕاستییەکی ژیانی مرۆڤە. ڕاستییەک کە باس لێ‌نەکردنەکەی بە مانای نەبوونی نییە. کەم نین ئەوانەی هاوڕی و هاوسەری ژیانیان خۆشدەوێت بەڵام دەتوانن،دەیانەوەێ یان پێویستییانە جار وبار دەگەڵ کەسێکی تر "چاوچاوێن" بکەن، جار هەیە حەز دەکەن سەرنجی ژن یان پیاوی تر بۆ لای خۆیان ڕاکێشن، حەز دەکەن دەگەڵ ژن یا پیاوی تر دەستبازی یان خۆشەویستی بکەن. جار هەیە بیری دڵداری کۆن زیندوو دەبێتەوە ... هەندێ جاریش هەیە خەون بە سێکس دەگەل کەسێکی ترەوە دەبینن... ئەوانەم هەموو گوت، با ئەوەش بڵێم باس لە سەر ئەوە نییە تۆ هاوڕێ و هاوسەری ژیانت خۆشدەوێت یا ناوێت، باسەکە زۆر جار لە سەر خۆشەویستی نییە، تەنیا باسی ویستنە، باسی تامەزرۆ بوونە. ویستنی ئامێزێکی تر، تامەزرۆی گەرمای لەشێکی تر.

بۆ هەندێ کەس تەنیا بیرکردنەوە لەم ویستن و تامەزرۆییه بەسە بۆ هەست بە تاوان کردن، بۆ هەندێ ‌کەس ئاسایی ترە. هەندێ‌ کەس هەستەکەیان هەیە و هیچی بۆ ناکەن و هەندێ‌ کەس سەر بۆم ویستنە دادەخەن و تەسلیمی دەبن. گرنگ ئەوە لە بیرمان بێ‌ بە حاشا لێ‌ کردن و خۆپەڕاندنەوە ئەو هەست و ویستە ون نابێ، بە پێچەوانە گڕی پووچکەی تاسەیەک لە لای مرۆڤ ساز دەکات کە بە قازانجی کەس نییە. هەر وا دەکات "چاوبرسی تر" بین، هەر وا دەکات "چڵێس تر" بین.

باسی من باسی باشی و خراپی بوون و نەبوونی بیری خیانەت نییە، ئەوەی کە هەر تاکێک چۆن دەگەڵ ئەو هەستەی خۆی دەجووڵێتەوە بڕیارێکە پەیوەندی بە خۆی و هاوڕیی ژیانیەوە هەیە. ئەو پرسیارانە بە دوای قسەکانی ئەو دۆستە لە لام ساز بوو. بەویشم گوت، باوەڕ ناکەم بوونی ئەو بیرانە لە لای تاکێک بە مانای "خراپ بوونی" ئەو تاکە بێت. باوەڕ ناکەم بوونی ئەو هەستانە لە لای تاک شتێکی سەیر و سەمەر بێ‌. باوەڕ ناکەم ویستی تەجرەبە کردنی باوەشێکی تر، تامەزرۆ بوونی گەرمای لەشێکی تر شتێکی نامۆ و سەرسوور هێنەر بێت، گرنگ ڕەنگە ئەوە بێت چۆن دەگەڵ ‌ئەو بیرانە دەجووڵێینەوە، چۆنی بۆ خۆمان لێکدەدەینەوە، چۆنی وڵام دەدەینەوە. گرنگ ئەوەیە ئاگامان لێ‌بێت هەستی کەس و خۆمان بریندار نەکەین، گرنگ ئەوەیە هەستەکانی خۆمان بناسین، شەرمیان لێ نەکەین، گرنگ ئەوەیە بوێرین سەر بە کەلێن و قوژبنەکانی زینماندا بکەین و خۆمان بناسین. قسەی من ئەوەیە حاشا لێ کردن و درۆ کردن بۆ دەبێ ‌باشتر بێ لە بە ئاشکرایی باسی بیرەکان و هەستەکان کردن؟ قسەی من ئەوەیە درۆکردن و حاشا کردن لە بوونی ئەو بیر و هەستانە چ فەرقێکی هەیە دەگەڵ خیانەت خۆی؟

پرسیارەکان:‌

خیانەت چییە؟ قورسایی باری تاوان و ترسەکەی لە کوێرا دێت؟ ماناکە لە کوێرا هاتووە؟ کێ، کەی و لە کوێ چوارچێوەی مانای خیانەتی هەڵبەست و بڕیاری دا چی بە خیانەت ببیندرێت؟ هەستی بە هێزی "خاوەنی کەسێکی تر بوون" لە کوێرا، لە چی ڕا سەرچاوە دەگرێت؟ چۆنە هەندێ ‌کەس بە بوون دەگەڵ‌ تاقە کەسێک ڕازی - تێر- نابن؟ ئەو زۆرتر ویستنە دەبێ چۆن لێک بدرێتەوه؟‌ چۆنە دوای ئەو هەموو هەرەشە و گورەشەی داب و نەریت و حوکم وحەکیم و شەرع و دین لە سەر خیانەت کردوویانە مرۆڤ دیسانش پێش خۆی بۆ ناگیرێت و "تاوان" دەکات؟ لە کۆمەڵگەیەکدا کە خەتی سووری "ئەخلاق" بە دەوری زۆر شتدا کێشراوە، چۆن زۆر کەس بە دزی و ئاشکرا ئەو سنوورە بڤەیە پێشێل دەکەن؟‌

میلان کۆندێرا لە زمان سابیناوە دەڵێ:‌ "هەر لە سەردەمی منداڵییەوە بە گوێماندا دەخوێنن کە خیانەت شتێکی پیس و قێزاوییە. بەڵام خیانەت چییە؟ خیانەت کردن لە خەت لادانە. خیانەت لە خەت لادان و بەرەو نادیار ڕۆیشتنە و سابینا هیچ شتێک لە بەرەو نادیار ڕۆیشتن بە جوانتر نازانێ" **

لێکدانەوەی تۆ لە سەر "خیانەت" چییە؟‌ قەتت بیر لێ کردۆتەوە؟

.

**‌Unbearable Lightness Of Being
Milan Kundera









www.flickr.com

| | contact | Font
- - - - - - -

----------